هاکاسۆن چییە ؟

هاکاسۆن چییە و ئەزموونی من چۆن بوو لە بەشداری کردنم لە یەکەمین هاکاسۆن؟

نووسینی داوەر فوئاد

لە شەوێکی ئاساییدا، لە ژوری بەشە ناوخۆییەکەم دانیشتبووم و خەریکی سەیرکردنی پۆستەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووم. لەناکاو، لە یەکێک لە پۆستەکاندا بینیم کە نوسرابوو، “ئێستە دەتوانیت ناوی خۆت تۆماربکەیت بۆ ئیڤێنی هاکاسولی.” من وەکو خۆم کەسێک بووم زۆر شەیدای تەکنەلۆژیا بوو، واتە هەرشتێک کە پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە هەبوایە، سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا. زۆر بیرم لەم ئیڤێنتە دەکردەوە و لەبەرئەوەی من خۆم لە شاری سڵیمانی دەژیم، دەمزانی بڕگەی “سولی” لە وشەی “هاکاسولی”دا ئاماژەیە بۆ شاری سلێمانی لەبەر ئەوەی لە هەندێک جێگادا، سوولی بە کورتکراوەی سولەیمانی ناودەبرێت

ئیتر پرسیارم لە خۆم دەکرد، ئەی ئایا ئاخۆ بڕگەی “هاکا” بە واتای چی دێت؟ سەرەڕای ئەوەی کە نەمدەتوانی بە تەواوی بزانم کە هاکاسولی چیە، بەڵام لەوە دڵنیا بووم کە ئەم ئیڤێنتە پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە هەیە. بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بزانم، بڕیارمدا کە ناوی خۆم بنووسم و بەشداری بکەم. هەموو ڕۆژێک بەرواری دەستپێکردنی ئیڤێنتەکە نزیک دەبوویەوە و منیش نەمدەزانی کە دەبێ چی ڕوو بدات لە ئیڤێنتەدا. دەستم کرد بە گەڕان لەسەر ئەم جۆرە ئیڤێنتانە و لەماوەی گەڕانەکەمدا فێری ئەوە بووم کە بڕگەی “هاکا” کورتکراوەی وشەی “هاکاسۆنە.” هاکاسۆن بریتیە لە ئیڤێنتێکی چەند ڕۆژە کە تیایدا ئەو کەسانەی کە شارەزایی و ئارەزوومەندی بواری تەکنەلۆژین کۆدەبنەوە لە جێگایەکدا بۆ ئەوەی لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە چارەسەر بۆ کێشەیەک یان چەند کێشەیەکی کۆمەڵگا بدۆزنەوە. لەو ڕاستیە تێگەیشتم کە وشەی “هاکاسۆن” بریتیە لە تێهەڵکێشی هەردوو وشەی “هاکینگ” لەگەڵ “ماراسۆن.” هاکینگ مەبەست پێی پرۆگرام کردنی کۆمپیوتەر و ماراسۆنیش مەبەست پێی کێبڕکێیە. ئیتر هەر ئەو کاتە لەوە تێگەیشتم کە ئەم ئیڤێنتە دەبێتە ئیڤێنتێکی سەرنجڕاکێش، به‌ڵام ئەو ڕاستیەش ناشارمەوە کە هێشتا هەر گومانم هه‌بوو و نەمدەزانی ئیڤێنتەکەبە تەواوی چۆن دەبێت.

ڕۆژی ئیڤێنتەکە هات و هەستەکانم تێکەڵەیەک بوون لە خۆشی و گوومان. بەڵام بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، زۆر بە خێرایی، هەرچی گومانم هەبوو ڕەوییەوە لەبەر ئەوەی ئەوەی کە من بینیم زۆر زیاتر بوو لە پێشبینیەکانم. شوێنی ئیڤێنتەکە پڕ بوو لە کەسانی بلیمەت و بەتوانا کە زۆر بەڕویەکی خۆشەوە کۆ بوبوونەوە و هەستم بە وزەیەکی ئەرێنی زۆر دەکرد لەنێوانیاندا. بەهەرحاڵ، ئیڤێنتەکە دەستی پێکرد و سەرەتا گوێمان گرت لە وتاری دەستپێکی ئیڤێنتەکە و زانیاری زیاتر لەسەر ئیڤێنتەکە خرایە ڕوو. پاشان داواکرا کە هەرکەس بیرۆکەیەکی هەیە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵگا کە بتوانرێت لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە چارەسەر بکرێت، بێت و لەسەر ستەیج باسی بکات و بۆ هەموو ئامادە بووانی ناو ئیڤێنتەکە بیخاتەڕوو. منیش زۆر خۆشحاڵ بووم و ڕۆشتم لە ڕیزی ئەو کەسانەی کە دەیانویست بیرۆکەکانیان باس بکەن وەستام. هەموومان باسی بیرۆکەی تایبەت بە خۆمان کرد و لەگەڵ ئامادەبواندا ڕامان گۆڕیەوە لەسەر بیرۆکەکانمان و ئەو بیرۆکانەی باسکران، بوون بە بناغەی کاری بەشداربووانی ئیڤێنتەکە. گرنگ نەبوو کە تایبەتمەندی تۆ چی بوو، دەتتوانی لەگەڵ چەند کەسێک یەکبگریت و گرووپێک بۆ خۆت دروستبکەیت. لە کاتی دروستکردنی گروپەکاندا، دەتبینی کە چۆن گرافیک دیزاینەر و گەشەپێدەری سۆفتوێر بە یەکەوە خەریکی گفتوگۆ بوون لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەیەک بە تەکنەلۆژیا. دیزاینەر، گەشەپێدەر، بەڕێوبەری پرۆژە، گەشەپێدەری بزنس، هتد. لە ناو هەموو گروپەکاندا بوونیان هەبوو


ئەندامانی تیمێک خەریکی ڕا گۆڕینەوەن

لە نێوان ئەو گشت بیرۆکانەی کە باس کرابوون، تەنها ١٢ دانەیان هەڵبژێردران بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئیڤێنتەکە بمێننەوە و کێبڕکێ بکەن. گرووپەکەی من پێکهاتبوو لە گرافیک دیزاینەرێک، کە یارمەتی دەداین لە ئامادەکردنی دیزاینەکانمان، و گەشەپێدەرێکی داتابەیس و خۆم، کە منیش وەک گەشەپێدەری سۆفتوێر کارم دەکرد. لەپاش ئەوەی کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی بیرۆکەکان و دروستکردنی تیمەکان تەواو بوو، هەر تیمێک کاری لەسەر بیرۆکەیەک دەکرد و ماوەی ٤٨ کاتژمێری پێدرا بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا بتوانێت بەرهەمی خۆی پیشانی هەموو ئامادەبووان و دەستەیەکی شارەزای داوەران بدات. بەپێ یاسای هاکاسۆنەکە، تیمەکان کێبڕکێیان دەکرد بۆ گەشتن بە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم. هەربۆیە، هەموو تیمەکان بەشێوەیەکی زۆر چالاکانە دەستیان کرد بە کارکردن لەسەر بیرۆکەکانیان.

لە ماوەی کارکردنم لەسەر بیرۆکەی گروپەکەی خۆم، دەرفەتی سەردانکردنی تیمەکانی تریشم هەبوو بۆ ئەوەی ببینم کە چۆن هەر تیمەو خەریکی کارکردن و ڕاگۆڕینەوەن. ئەوەت بەدی دەکرد کە ئەو هەموو کەسە بەتوانا و بلیمەتانه‌ بەشێوەیەکی چڕ خەریکی کارکردن بوون و زانیاری زۆر بەبەهاو بەسوودیان لەنێوان خۆیاندا دەگۆڕیەوە. ئەوەی وایکردبوو کە ئیڤێنتەکە زیاتر سەرنجڕاکێش بێت ئەوە بوو کە خواردن و خواردنەوە بۆ بەشداربووان ئامادەکرابوو. بۆیە بەشداربووان کاتێکی زیاتری بۆ دەگەڕایەوە و زۆر بە وریاییەوە کاتەکانی خۆیان بەکاردەهێنا.

یەکێک لە بەشداربووان ئاماژە بە بیرۆکەکەی خۆی دەدات

ڕۆژی یەکەمی ئیڤێنتەکە تەواو بوو، ڕۆژی دووەم دەستیپێکرد، ئەمە لە کاتێکدا کە شەوەکەی تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم خەوتبووین. سەرەڕای ماندووبونێکی لە ڕادەبەدەر، بەڵام چێژێکی سەرسوڕهێنەرمان لە هەموو ساتەکانی ئیڤێنتەکە دەبینی. لە ڕۆژی دووەمدا، کێبڕکێکە زۆر بە تینتر بوو. هەموو سەرمێزەکان پڕبووبون لە قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان و بەشداربووان دەیانویست ماندووبون ئاستی چالاکیان دانەبەزێنێت. پێش چەند کاتژمێرێک لە دەستکردن بە پێشکەشکردنی بیرۆکەکان لەبەردەم دەسته‌ی داوەراندا، هەموو گرووپەکان خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ پڕۆسەی پێشکەشکردنەکە. لە کۆتاییدا، کە کاتی پێشکەشکردنەکە هات، هەموو گرووپێک پێویست بوو بچێتە سەر ستەیج و پڕۆژەکەی خۆی پیشانی ئامادەبووان و داوەران بدات. خۆشحاڵی و دڵەڕاوکێ سەراپای شوێنەکەی گرتبووەوە. هەندێک دڵخۆش، هەندێک دڵەڕاوکێیان هەبوو، هەندێک شانازییان دەکرد بە بەرهەمەکەیانەوە. لەر ڕۆژەدا، من وەکو خۆم ئەوەم لەلا ئاشکرابوو کە هەریەک لە ئێمە چەند بەتوانایە و دەتوانێت چی بەرهەمبهێنێت تەنهات لە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا.

بەشداربووان بە تاسەوە گوێ لە بیرۆکەی هاوڕێکانیان دەگرن

سێ براوەی یەکەم ڕاگەیاندران، سەرەڕای ئەوەی کە تیمەکەی من لەو سێ براوەیە نەبوو، بەڵام هێشتا هەر زۆر دڵخۆشبووم بە ئاستی خۆم. من باوەڕم وابوو ئەوان زیاتر شایستەتر بوون بە بردنەوە و بیرۆکەکانی ئەوان زیاتر داهینەرانە بوون و توانیان بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش بیرۆکەکانیان بخەنە ڕوو. هەر ئەو ڕۆژە لەو ڕاستیە تێگەیشتم ئامانجی هاکاسولی ئەوە نیە کە دیاری بکات کێ دۆڕاو کێ بروایە، بەڵکو ناسینی ئەو کەسە بلیمەتانە و چانسی ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان لەسەرووی هەموو شتێکەوە بوو بۆ من. هەموو تیمەکان پیرۆزباییان لە سێ تیمە براوەکە کرد و هەموومان بەیەکەوە وێنەیەکمان گرت. وێنەیەک کە هەمیشە بیری دڵخۆش و دڵەڕاوکێم دەخاتەوە. وێنەیەک کە هەمیشە پێمدەڵێت کە چەند گرنگە نزیک ببیتەوە لە کەسە بلیمەتەکان تاکو بتوانیت بەسودترین و بە بەهادارترین زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەیت لەگەڵیان.

لە کۆتایدا، وەکو کەسێک کە ئەزمونی بەشداری کردنم هەیە لە هاکاسولی دەڵێم، هاکاسولی پڕە لە دڵخۆشی، ماندووبوون، دڵەڕاوکێ، خەڵات، هتد. تۆش وەکو خوێنەرێک، هەرکاتێک دەرفەتی بەشداری کردنت هەبوو لە هاکاسولی، تکایە قەت ئەو دەرفەتە گرنگە لەدەست مەدە لەبەر ئەوەی ئەزموونێکی نایابە.